السبت، 23 يوليو 2011

سەروەری یاسا یەکسانی و یاسا


سەروەری یاسا یەکسانی و یاسا
سەروەری یاسا مانی وایە حکومەت ناتوانێت دەسەڵاتەکانی خۆی پیادەبکات تەنھا بە گوێرەی یاسای نووسراو نەبێت کە بە تێپەڕبوونی بە رێوشوێنی توندوتۆڵدا داڕێژرابن. ئامانجیش لەمە گەیشتنە بە پرەنسیپی پارێزگاریکردن لە دژی بڕیارە زۆردارەکیەکان لە حاڵەتە تاکەکەسیەکاندا.

مافی یەکسانبوون لەبەرامبەر یاسادا، یان پارێزگاریکردنی یەکسان لە لایەن یاساوە وەک ئەوەی کە زۆر جار بەم شێوەیە دایدەڕێژن. بۆ ھەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دادپەروەر شتێکی بنچینەیی و سەرەکیە. جا دەوڵەمەند بیت یان ھەژار، نەتەوەی زۆرینە بێت یان کەمینەیەکی ئایینی بیت، ھاوپەیمانێکی سیاسی دەوڵەت بێت یان رکابەربێت.... ھەموو شایستەی پارێزگاریکردنی یەکسانن لەبەرامبەر یاسادا. دەوڵەتی دیموکراتی ناتوانێت زامنی ئەوە بکات کە ژیان بەیەکسانی مامەڵە لەگەڵ ھەموو کەسێک دەکات، و دەوڵەت ھیچ لێپرسراویەتیەکی بەسەر نیە تا ئەنجامی بدات. ھەرچۆنێک بێت، شارەزا لەبواری یاسای دەستووری جۆن پز فرانک نوسیویەتی کە"لە ژێر ھیچ بارودۆخێکدا دەوڵەت نابێت ھیچ نایەکسانیەک بسەپێنێت، پێویستە داواکراوبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھەموو خەڵکی خۆی بە یەکچاو و بەیەکسانی." ھیچ کەس نابێت لەسەرەوەی یاسا بێت، لە کاتێکدا یاساش دوای ھەموو شتێک دەستکاری خودی خەڵکە نەوەک شتێک بێت بەسەریاندا سەپێندرابێت. ھاوڵاتیانی دیموکراسیەت بە ملکەچی یاسا دەبن چونکە ئەوان دان بەمە دائەنێن و ئەیزانن، کە بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ، ئەوان ملکەچن بۆ خودی خۆیان بەو پێیەی ئەوان بۆ خۆیان دروستکەری یاساکەن. کاتێک یاساکان دادەمەزرێن لە لایەن خەڵکەوە کە دواتر پێویستە بۆ خۆیان گوێڕایەڵی یاساکان بن ئەوا ھەم خزمەت بە دیموکراسیە ت و ھەم بە یاساش دەکات.
پرۆسەیی یاسایی دادگاییکردن گونجاو: فراناک ئەوە دەردەخات کە لە ھەموو کۆمەڵگاکاندا بە درێژایی مێژوو ئەوانەی کە سیستەمی دادپەروەری تاوانکاری بەڕێوەدەبەن دەسەڵاتیان بە بوونی ئەگەری خراپ بەکارھێنان و سەرکوتکاری بەدەستەوەگرتووە. بەناوی دەوڵەتەوە، ھاوڵاتیان زیندانی کراون و مولکیان دەستی بەسەرداگیراوە و ئەشکەنجەدراون دوورخراونەتەوە و لە سێدارەدراون بەبێ بوونی پاساوی یاسایی... و زۆر جار بەبێ ھێنانەوەی ھیچ جۆرە تۆمەتێکی رەسمی. ھیچ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی ناتوانێت لەو جۆرە خراپ بەکارھێنان و پێشێلکاریە ببورێت. پێویستە ھەموو وڵاتێک دەسەڵاتی ھەبێت بۆ پاراستنی سیستەم و کردارە تاوانکاریەکانیش سزا بدات، بەڵام پێویستە ئەو رێسا و رێککاریانەی کە دەوڵەت لەرێگەیانەوە یاساکانی خۆی جێبەجێدەکات و دەیچەسپێنێت روون و ئاشکرا بن، نەوەک نھێنی و ھەڕەمەکی و وابەستەی پاوانکاری سیاسی بن لە لایەن دەوڵەتەوە. کامانەن پێداویستیە بنچینەییەکانی پرۆسەی یاسایی گونجاو لە دیموکراسیەتێکدا؟  نابێت ماڵی ھیچ کەسێک بە زۆردارەکی چوونە ژوورە و پشکنینی تیادا ئەنجامبدرێت لەلایەن پۆلیسەوە بەبێ بوونی فەرمانێکی دادگایی ئەوە نیشانبدات کە ھۆکارێکی دروست ھەیە بۆ ئەم پشکنینە. لە دەرگەدان و بەسەردادانی نیوە شەو لەلایەن پۆلیسی نھێنیەوە ھیچ جێگەیەکی بۆ نابێتەوە لە دیموکراسیدا.  نابێت ھیچ کەسێک بخرێتە باری گیراویەوە بەبێ بوونی تۆمەتێکی روون و نووسراو کە سەرپێچیە ئاماژەبۆکراوەکە دیاریبکات. نەوەک تەنھا دەبێت کەسەکان شایستەی ئەوەبن کە بزانن بە تەواوی سروشتی ئەو تۆمەتە چیە لە دژیان بەرزکراوەتەوە بەڵکو پێویستە یەکسەر ئازادبکرێن، بە گوێرەی ئەو رێسایەی کە ناسراوە بە (Habeas Corpus) (کە بە گوێرەی ئەو یاسایە نابیت گیراو لە ماوەیەکی دیاریکراو زیاتر دەستبەسەر بکرێت بەڵکو دەبێت ئازادبکرێت تاوەکو تۆمەتەکەی دەسەڵمێنرێت)، ئەگەر ھاتوو دادگا بۆی دەرکەوت کە تۆمەتەکە بەبێ پاساوە یان دەسگیرکردنەکە بێ بنەمایە.  نابێت ئەو کەسانەی تۆمەتبارکراون بۆ ماوەیەکی زیاتر لەماوەی دیاریکراو دەستگیر بکرێن لە زیندانیدا. ئەوانە شایستەی دادگاییکردنێکی خێرا و ئاشکران، و شایستەی ئەوەشن لەگەڵ ئەوانەی تۆمەتباریان کردوون رووبەڕووبکرێنەوە و پرسیاریان لێبکەن.  دەسەڵاتەکان داواکراون بە بەخشینی ئازادکردن بە کەفالەت، ئازادکردنی مەرجدار،بۆ ئەو تاوەنبارکراوانەی کە چاوەڕوانی دادگاییکردن دەکەن ئەگەر ئەگەرێکی کەم ھەبوو ئەو کەسە گومانلێکراوە رابکات یان تاوانی تر ئەنجامبدات. سزادانی "تووند و نا ئاسایی" وەک ئەوەی لە یاسا و داب و نەریتەکانی کۆمەڵگادا دەستنیشانکراون، دەبێت قەدەغە بێت.  کەسەکان نابێت ناچار بکرێن گەواھی لەسەر خۆیان بدەن. پێویستە ئەم قەدەغەکردنە لە دژی خود تاوانبارکردنی خۆنەویستانە رەھا (مگلق) بێت. وەک دەرئەنجامێکی ئاساییی بۆ ئەمەش، نابێت پۆلیس لە ژێر ناوی ھیچ بارودۆخێکدا ئەشکەنجە یان دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی لە دژی گومانلێکراو بەکاربھێنێت. سیستەمێکی یاسایی کە دانپێدانانی بەزۆر قەدەغەبکات ئەوا یەکسەر ئارەزوو و پاڵنەرەکانی پۆلیس کەمدەکاتەوە بۆ بەکارھێنانی ئەشکەنجەدان و ھەڕشە و فۆرمەکانی تری پێشێلکاری بۆ ئەوەی زانیاری بەدەست بھێنێت، لە کاتێکدا دادگا رێگا بەم جۆرە زانیاریانەی کە بەم رێگانە وەدەستھاتوون نەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەڵگەکاندا ھەژماربکرێن لە کاتی دادگاییکردندا.  نابێت کەسەکان لەسەر ھەمان تاوان دووجار دادگایی بکرێن؛ واتە، نابێت دوو جار بە ھەمان تۆمەت تۆمەتباربکرێن. ھەر کەسێک لەلایەن دادگایی بکرێت و دەربکەوێت کە تاوانی نەکردووە ھەرگیز نابێت جارێکی تر تۆمەتبار بکرێتەوە بە ھەمان تۆمەت.  لەبەر ئەگەر ئەنجامدانی پێشێلکاری لە لایەن دەسەڵاتەکان، ئەو یاسایانەی کە ناو دەبرێن بە ئەو یاسایانەی کە بەسەر رابردوودا دەچسپێندرێن (قوانن ژات اپر رجعی) قەدەغە کراوە. ھەندێک یاسا ھەن لەدوای کردارەکەوە دێن کەواتە دەکرێت کەسێک تۆمەتباربکرێت بە کارێکەوە تەنانەت ئەگەرچی لەکاتی روودانیدا ئەم کارە نا یاسایییش نەبێت.  تۆمەتبارکراوەکان دەکرێت پارێزگاریکردنی زیاتر و سەرباریان ھەبێت لە دژی کردارەکانی ناچارکردن لەلایەن دەوڵەتەوە. بۆ نمونە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تاونبارکراو مافی ئەوەی ھەیە پارێزەری خۆی ھەبێت کە نوێنەرایەتی بکات لە ھەموو قۆناغەکانی دادگاییکردنی تاونی ھەتاوەکو ئەگەر تاونباران نەشتوانن بۆ خۆیان پارەی ئەو نوێنەرایەتیکردنە (گرتنی پارێزەر) بدەن. ھەروەھا پێویستە پۆلیس مافەکانی گومانلێکراو بە گومانلێکراو رابگەیەنن لە کاتی دەستگیرکردنیان لە ناویشیاندا مافی بوونی پارێزگار و مافی بێدەنگ بوون (بۆ وەلاوەنانی خود تاوانبارکردن).
تاکتیکێکی باوی سەرکوتکاری ئەوەیە کە رکابەرانی حکومەت بە خیانەتکاری تۆمەتباربکەن. لەبەر ئەم ھۆیە، پێویستە تاوانی خیانەتکردن زۆر بە وریاییەوە دیاریبکرێ لە رووی پێناسەکردنیەوە بۆ ئەوەی وەک چەکێک بۆ کپکردنەوەی دەنگی رەخنەگرتن لە حکومەت بەکارنەھێنرێت. ھیچ کام لەم پێوەندانە مانی ئەوەنادات کە دەوڵەت دەسەڵاتی بەدەستەوە نیە بۆ ئەوەی یاساکان بچەسپێنێت و سەرپێچیکاران سزابدات. بە پێچەوانەوە، سیستەمی دادپەروەری تاوانکاری لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیانە تا ئەو رادەیە کاریگەر دەبێت کە بەڕێوەبردنی سیستەمەکە لەلایەن خەڵکەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت بۆ ئەوەی دادپەروەر و پارێزەری مافەکانی تاک، و بە ھەمان شێوەش پارێزەری بەرژەوەندیە گشتیەکان بێت. دادوەران یان ئەوەتا دادەمەزرێنرێن یان ھەڵدەبژێردرێن، و یان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یان بۆ ماوەی ژیانیان ئەو پۆستە وەردەگرن. ھەرچۆنێک بێت ئەوانە کەسانی ھەڵبژێردراون، زۆر گرنگە کە ئەمانە کەسانی سەربەخۆبن لە دەسەڵاتە سیسایەکانی نەتەوە بۆ ئەوەی بێلایەنی خۆیان بسەڵمێنن. ناکرێت دادوەران لەبەر ھۆکاری پروپوچ یان سیاسی پوخت لەکار لاببرێن، بەڵکو تەنھا لەبەر تاوان ئەنجامدانی ترساناک و بەدکاری ترسناک... لەو کاتەشدا تەنھا لە رێگەی رێوشوێنی رەسمی، وەک تاوانبارکردن (ھێنانەوەی تۆمەت لە دژیان) و دادگاییکردنی لە دەسەڵاتی یاسادانان.


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

کۆمێنت بنوسه‌